ڕفێندراوێك چیرۆكی ئەشكەنجەدانی لەلایەن داعشەوە دەگێڕێتەوە

لەمیانەی دانیشتنێكی دادگایی ئەندامی تیمێكی داعش لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریكا، ڕفێندراوێكی پێشووی دەستی داعش باسی لەو ئەشكەنجە توند و نامرۆڤانەیە كرد كە لەلایەن ڕفێنەرانیەوە تووشی هاتووە دوای هەوڵێكی شكستخواردووی هەڵهاتن، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندت-ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

نیكۆلاس هینین ڕۆژنامەنوسی فەرەنسی كە داعش بۆ ماوەی 10 مانگ لە سوریا دەستبەسەری كرد وتی، بۆ چەند ژوورێكی جیاوازی ئەشكەنجەدان گوازراوەتەوە پاش هەوڵی هەڵهاتنەكەی لە حوزەیرانی 2013، بە چەند ڕۆژێكی كەمی پاش دەستگیركردنی.

هینین ڕوونیكردەوە، شیشی لاوازی زیندانەكەی شكاندووە بەر لەوەی خۆی لێوەبدزێتەوە و لە پەنجەرەیەكی بچوكەوە هەڵبێت، پاشان بەدرێژایی شەو لە بیابانی بەرفراوانی ڕەققە ڕایكردووە.

پاش هەوڵێكی زۆر گەیشتووەتە گوندێكی دەرەوەی ڕەققە، لەوێ دوو پیاوی بە جلوبەرگی ماڵەوە بینیوە و داوای هاوكاری لێكردوون، بەڵام دواتر بۆی دەركەوتووە چەكداری داعش بوون.

وتی، “بۆ بەدبەختی چەكداری داعش ناناسرێتەوە كاتێك بە بیجامەوە دەیانبینی”.

پاش گەڕاندنەوەی بۆ بەندینخانەكەی داعش لە ڕەققە، هینین وتی، پاسەوانانی بەندینخانە گواستویانەتەوە بۆ چوار ژووری جیاوازی ئەشكەنجە، تیایدا ڕووبەڕووی لێدان و بۆكس و بەستنەوەی دەست لە دۆخی دژواردا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بووەتەوە لەكاتێكدا بەندكارانی بە دەنگی بەرز پرسیاریان لێكردووە.

لە یەكێك لە جارەكاندا ئەندامەكانی داعش بە پشتیاندا كێشاوە و پێیانوتووە كە دەیكوژن، ئەو لە شایەتییەكەیدا لە بەردەم دادگا وتی، “پێموتن تكاتان لێدەكەم ئەنجامیبدەن (بیكوژن) چونكە هیچ گرنگی پێنادەم”، دواتر بۆ ماوەی 11 ڕۆژ لە ژوورێكدا بە بەستراوی هێشتوویانەتەوە.

هینین لەكاتی گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا دوای ئازادبوونی لە 20ی نیسانی 2014

هینین باسیشی لە جۆری مامەڵەكردن لەگەڵیدا كرد لەلایەن ئەوەی ناوی دەبرێت بە تیمی (بیتلز)ی سەر بە داعش كە لە سێ بەریتانی پێكهاتوون.

داواكارانی گشتیی پێیانوایە (شافعی شێخ) كە لە ئەمریكا دادگایی دەكرێت یەكێك لەو سێ كەسە بووە، ئەو تێوەگلاوە بە كاری ڕفاندن و كوشتنی بارمتەگیراوە بیانییەكان لەو ماوەیەدا كە لەگەڵ داعش لە سوریا بەسەریبردووە، كە لە كۆتاییەكەیدا بووە هۆی كوشتنی جیمس فولی و ستیڤن سۆتلۆف-ی ڕۆژنامەنوسانی ئەمریكی و كایلا مۆلەر و پیتەر كاسیج-ی كارمەندانی بەهاناوەچوون.

لە لیستی تۆمەتەكانی شافعی شێخ-دا بەرپرسیارێتیی مردنی دیڤید هینز و ئالان هینینگ-ی كارمەندانی بەهاناوەچوونی بەریتانی-ش هەیە.

بەڵام تیمی بەرگری لە شێخ دەڵێن، بریكارەكەیان ڕەتیكردووەتەوە ئەندامی تیمی بیتلز بێت، بەڵكو تەنها “چەكدارێكی ساكاری داعش بووە”.

هینین ڕوونیكردەوە، چۆن یەكەمجار لەبارەی تیمی بیتلز-ەوە لە هاوەڵە ڕفێندراوەكانیەوە شتی بیستووە و باسیان لەوەكردووە كە وەك داعشەكانی دیكە نین.

بە وتەی ئەو تیمەكە ڕۆڵێكی ناوەندی هەبووە لە كردەكانی ڕفاندنی بەبارمتەگیراوان و، یەكێك لە پاسەوانەكان بە فەرەنسی پێیوتووە كە سێ بەریتانییەكە بەرپرسن لە وتووێژەكان دەربارەی وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر ئازادكردندا.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: لە ئێوارەوە خۆڵبارین نامێنێت و باران دەبارێت

بابەتی دواتر

لە سنونێ-ی شەنگال تەرمی كوڕ و كچێك دۆزرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share