35 ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕی

پاش 26 ڕۆژ بەسەر ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری کەرکوک، ڕژێمی بەعـ.ـس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر هەرێمی کوردستان، خەڵک لە ترسی تۆڵەی ڕژێمی بەعـ.ـس کۆچیان کرد و هەڵاتن.

ئەمڕۆ 31ی ئازاری 2026، ساڵڕۆژی کۆڕەوە ملیۆنی و مەزنەکەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش پاش ڕاپەڕینەکەی 5ی ئازار دێت، کە بەهۆیەوە خەڵکی کەرکوک و دانیشتووانی دیکەی شارەکانی کوردستان ئاوارەی ناوچە سنوورییەکان، ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بوون.

کۆڕەوە ملیۆنیەکە، پشتگیریی گەلانی ئازادیخوازی جیهانی بۆ پرسی کورد هێنایە پێشەوە و گوشاریان کردە سەر وڵاتەکانیان، ئەمەش پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکرد.

بەھۆی کۆڕەوەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 5ی نیسانی 1991، بڕیاری 688ی دەرکرد، کە بەپێی بڕیارەکە ناوچەی دژەفڕین بەسەر ڕژێمی بەعـ.ـس سەپێندرا، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک لە تورکیا، بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە ھێزی چەکوشی ئامادە.

ئەو بڕیارە بووە هۆی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بەدوایدا لە 19ی ئایاری 1992 یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، دواتریش لە 4ی تەموزی 1992 یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێندرا.

لە كۆڕەوەکەدا، بە سەدان كەس گـ.ـیانیان لەدەسـتدا، لە دواجاریشدا كۆڕەوەکە بووە هۆی دروستبوونی ناوچەیەکی پارێزراو لە هەرێمی كوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share