دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ڕادەگەیەنرێت

لۆگۆی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی

بڕیارە بەمنزیكانە “دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی” ڕابگەیەنرێت و یەكەمین چالاكیشی مەراسیمی یادكردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی مام جەلال دەبێت كە بڕیارە لە هەولێر بەڕێوەبچێت.

محەمەد سابیر، بەڕێوەبەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بە میدیای فەرمیی یەكێتی ڕایگەیاند، تەواوی كارەكانی دامەزراوەكە لەڕووی یاساییەوە تەواوبووە، بڕیارە لە 28-9-2022 لە پرێس كۆنفرانسێكی تایبەتدا دامەزراندنی (دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی) ڕابگەیەنین.

وتیشی، “ڕێورەسمی یادكردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی یەكەمین چالاكیی دامەزراوەكە دەبێت و ئەم یادە ڕۆژی 3-10 لە هەولێر دەبێت”.

“لەو یادەدا بۆ شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال، ژمارەیەك سەرۆك و سەركردەی و باڵیۆز و دیپلۆماتكاری بیانی و عیراقی و ناوخۆیی و كەسایەتیەكان و وەزیر و هاوڕێیانی دێرینی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و زۆری تریش بانگهێشت كراون، محەمەد سابیر وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، نزیكەی 4-5 مانگە كار لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەكە كراوە و ئێستا كارەكان تەواوبوون و پەیرەوی ناوخۆیی ئامادەكراوە.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆكەی، دامەزراوەكە “ناحكومیی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێلایەنە، دامەزراوەیەكی كلتووری و مرۆڤایەتی و نیشتمانییە” هەروەها “كاردەكات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیفكردنی ژیان و خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی”.

بنكەی سەرەكیی دامەزراوەكە سلێمانی-یە و دەتوانێت لە سەرجەم شارەكانی دیكەی عیراق و دەرەوەی وڵات بنكە بكاتەوە و بوارەكانی كاركردنیش (ڕۆشنبیری، گەشەپێدان و پەرەپێدان) دەبێت.

ئامانجەكانی دامەزراوەكە بریتییە لە پاراستن و كۆكردنەوەی ئەرشیفی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، وەك ئەرشیفێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، پەرەپێدانی بواری روناكبیریی و توێژینەوەی ئەكادیمی لەسەر فیكر و ژیان و سیاسیەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و یەكسانی جێندەری لە كۆمەڵەی كوردستانی و عیراقی دا، لەگەڵ گەشەپێدانی بەها مرۆییەكان لە بواریی جێدەریی و كلتوری پێكەوەژیان.
دامەزراوەكە ئامانجیەتی گەشە بە چۆنایەتی نوسینی توێژینەوەی ئەكادیمیی بدات لەسەر رێباز و ئەندێشەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بڵاوكراوەكانی و كاریش دەكات بۆ دابینكردنی خوێندنی ساڵانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

دیاریكردنی رۆژی ژیانئاوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی (3/10) وەك بۆنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی تاک لەكۆمەڵی كوردستان و عیراق، لە ئامانجی دیكەی دامەزراوەكەن.

پەیكەری ناوخۆیی رێكخراوەیی دامەزراوەكە پێكدێت لە دەستەی دامەزرێنەر كە 7 كەسە و دەستەی راوێژكاری كە بەپێی پێویستی دەستەی دامەزرێنەر دیارییان دەكات، دەستەی كارگێڕیش لە سەرۆك و جێگری سەرۆك و بەرێوەبەرەكانی كارگێڕی، دارایی، پرۆژەكان، پەیوەندی و یاسایی لەخۆدەگرێت.

بابەتی پێشتر

تەلار لەتیف: هەر لێپرسراو و كادرێكی یەكێتی توندوتیژی بەرامبەر ژن بكات، سڕ دەكرێت

بابەتی دواتر

فرۆشتنی لەفە لە خوێندنگەکاندا قەدەغەکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share