ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی دەوامی ڕەسمی بۆ سبەی چوارشەممە و ڕۆژی پێنجشەممە لە تەواوی خوێندنگەکانی کەرکوک، کە (باخچەی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) دەگرێتەوە، جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکوک.
لە ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای کەرکوکدا هاتووە، دەوامی خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک، زانکۆی پۆلیتەکنیک و کۆلێژە ئەهلییەکانی (کیتاب، قەڵەم، باباگوڕگوڕ، جەعفەری سادق، و ئیمام ئەعزەم) ڕادەگیرێت تەنها بۆ ڕۆژی پێنجشەممە. هاوکات ئیدارەی ئەو زانکۆ و کۆلێژانە سەرپشک کران لە پشووڕاگەیاندن بۆ سبەی و ڕۆژانی دواتر، بەو مەرجەی کار نەکاتە سەر خشتەی تاقیکردنەوەکانیان.
ڕێبوار تەها جەختیکردەوە، بڕیاری پشوو پاڵپشت بەو ڕاپۆرتانە دراوە کە لە سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کەشناسی دەرچوون، کە ئاماژە بە بەردەوامیی بارانی بەخوڕ دەکەن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەکانی پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکان، لەگەڵ لیژنەی قەیران و کارەساتەکان، بەردەوامدەبن لە دەوامی ڕەسمی و لە دۆخی ئامادەباشیی تەواودا دەبن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاڵپشتی بۆ تەواوی هاوڵاتییانی کەرکوک.