کەشناسیی هەرێمی کوردستان: سبەی و دوو سبەی باران دەبارێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، پێشنیوەڕۆ شەپۆلێکی باران بارین کە هەندێکجار هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت، لە ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان دەستپێدەکات و پاشنیوەڕۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لە ئێوارە و شەودا باران بارین زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی گەرمیان و ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان.

کەشناسی ڕاشیگەیاند، سبەی چوارشەممە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و بەدرێژایی ڕۆژەکە باران دەبارێت، هەندێکجار بارانی بەلێزمە لە سنووری گەرمیان، کەرکوک، ڕۆژهەڵاتی هەولێر و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک دەبارێت.

سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە، کەشناسی ڕایگەیاند، لە درەنگانی شەو و بەرەبەیانیی پێنجشەممە، باران بارین تا ڕادەیەک لاواز دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەفر دەبارێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share