وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنێکی نوێی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕاگەیاند و دەڵێت، لەپێناو دابینکردنی مووچە، لە سبەینێوە نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک پێکەوە هەناردەدەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا و گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی گرێکوێرەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا کە نەوتی کێڵگەکانی کەرکوکیش، هاوشانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بۆریی نەوتی جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.
هاوکات هەردوو حکومەت ڕێککەوتوون، لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەم لیژنەیە، ڕاستەوخۆ دەست بە ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان دەکات، بۆ ئەوەی هەر لە سبەینێوە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد هاتووە، هەردوولا ڕێوشوێنی ئەمنیی توند و پێویست دەگرنەبەر، بۆ ئەوەی سەلامەتیی کێڵگە نەوتییەکان بپارێزرێت و دڵنیایی بدرێت، لەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت هیچ کێشە و وەستانێکی تێناکەوێت.