وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، 801 خانەنشین کە کەمئەندامی سەنگەرن، ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوباتدا نییە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، سەبارەت بە خەرج نەکردنی مووچەی مانگی شوباتی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە؛ وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ هەموو لایەک، زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێک، لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندیی بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەو ڕێکارە پەیوەستە بە وەزارەت و یەکە ژمێریارییەکانی دەرەوەی وەزارەتی داراییەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خانەنشینانە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوباتدا نییە، ژمارەیان 801 کەسە و کەمئەندامی سەنگەرن کە پێشتر لەسەر هێزەکانی 70 مووچەیان بۆ خەرجکراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەهۆی تەواونەبوون و پەسەند نەکردنی دۆسیەکانیان، نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە، کاتێک لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شوبات لە بەغداد بووە.
ڕاشیگەیاند، لەکاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە، دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان ( upn )ـیان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەکرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە، 750 خانەنشینیان دۆسیەکانیان پەسەندکراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئازار لە سیستمی پەیڕۆڵ داخڵکراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێکیش ( upn )ـی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لەئێستادا لیستی مووچە بەو سیستمە ئامادەدەکرێت.
سەبارەت بە شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە تا کاتی پەسەندکردنی بودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرجدەکرێتەوە، لەبەرئەوەی لەئێستادا، بودجە پەسەند نەکراوە و مانگانە تەنیا کار بە خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەکرێت.