ستران عەبدوڵا: هێشتان تەڕوتووشە و راپەڕینی نەورۆزییە

ستران عەبدوڵا، بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە وتارێکی نووسیوە.

دەقی وتارەکە:

نزیکەی چوار دەیەیە ئەم راپەڕینە بەرپا بووە هێشتا وەک یەکەم جارێتی ، هێشتان  تەڕ وتووشە، بەهارە و نەورۆزەو جەژنی هەموو شتێکی جوان و بۆنخۆشە، تا هەنووکە جەژنی بەها گەورەکانی میللەتان سەربەرز دەکەن و جەژنی ئازادی و داد و (نا)ی پێویستە لە کاتی پێویستدا.

نای نەعرەتە  و ناڵەی بەلەنگازان و گەلی کوردی بێبەشە کە حاشای لێ دەکەن و هەشە.

هێشتا گەرم و کوڵاو و پێگەیشتووە، وەک یەکەم ساتی بانگەوازە بۆ لابردنی ستەم و ڕاماڵینی دیکتاتۆری. سیو پێنج ساڵە بەرپابووە و هەر ساڵەی نوێ دەبێتەوە و هەر رۆژەی مانایەکی تر وەردەگرێ و هەر جارەی ئەرکێکی نوێی پێ دەسپێرین و تەکلیفمان لێی تەواو نابێ و هەقمانە کە تەواو نابێ، تازەترین داستانەکانمانە و نازمان بەسەرییەوە هەیە.

ئێمە واین کە لەگەڵ هەر گەشە و پێگەیینی زیاتری گەلەکەماندا بەشەوق و زەوقێکی تازەوە سەیری گوڵی بەهاری راپەڕین دەکەین و تەماشای بووکی ئازادی و حەسرەتی درەنگ هاتنی وادەی رزگاری یەکجارەکی دەکەین.

زیاتر لە سێ دەیەیە دونیا دەیان بەهاری تێپەڕاند و دەیان شۆرشی جاڕ دا ، بەهاری ئەوروپای رۆژهەڵات و رۆژانی بەهاری عەرەبی هاتن و چوون ، دەوڵەتان هەڵوەشانەوە و رژێمە ستەمکارەکان پوکانەوە و هێشتا هیچ کام لەم بەسەرهات و پەندو پێواژۆیانە شانیان لە شانی راپەرینە سەر بڵندەکەی  ئێمە نەداوە. بەتەنیشت و بەم لاو لادا زۆر بانگەوازمان بیست و زۆر دروشم لەرانەوە و زۆر سرود وترانەوە و سنوورەکانیان تەی کرد و گەروەکانیان پڕ لە ئومێد و تکا کرد و هیچیان نەیانتوانی خۆ لە سرودی دەمی راپەڕین و زەماوەندی راپەڕین و سۆزی (گەللەو گەللە) ی  ئێزگەکەی دەنگی گەلی کوردستان بدەن و تام و بۆنی تێپەڕێنن. کەس سوێندی لەسەرمان نییە ئەگەر بڵێین شەرت بێ هیچ راپەڕینێک وەک راپەڕینی کرمانجی باشوور قایم و قادر و قەوی نەبووە و تا ئێستا پتەوتری رابردوو و ئێستایە و کەسیش عیلمی غەیبی پێ نییە بۆ داهاتوو.

ئەم دیوارە ئەستوورەی راپەڕینی رزگاریی 1991 وا خۆراگر و بە پێوە وەستاوە کە هیچ کون و کەلەبەرێک زەفەریان پێ نەبردووە و تەمەنی بەقا و مانەوەی ئەم قیامەتە تەمەنی هەموو خۆشییەکانی کوردی تێپەڕاندووە، لەوەتەی گەزەنفون ناوی هێناوین و لەوەتەی عوسبەتەل ئومم رۆژەکەی دوای سیڤەر لێمان لالوت بوو و لەوەتەی یوێن لەبەر باعیسی ئینساندۆستی  ئازوقەی پێداوین و خێوەتی ئاوارەیی بۆ هەڵداوین،  تا ئەمڕۆ کە کاک ترامپ جار بەجار ناومان دێنێ. هیچ پێنجی ئازارێکی کوردستان و تەنانەت هی شارەکەی بناری کێوە ڕەشیش  ناگات و ناکاتە رۆژەکەی نەعرەتی رانیە لە دەروازەی قەول و قەراری راپەڕین، لە ساڵی 1991دا.

ئەم یادە و ئەم رۆژە بۆ کوردی کوردستان وەک پێش و پاش زایینییە، وەک گریکیی پێشین و گریکیی ئومێدی ئێستایە کە هێشتا تەمای خۆ ڕاپسکانێتی لە تەنگژە و تەنگانە.

هێشتا ئەم راپەڕینە شاکاری کردەوەکانی کوردی کۆتایی سەدەی بیستەمە کە باڵ و سێبەری کێشاوە بەسەر نەوت  ساڵی رابوون و قوربانی و هەوڵی بێوەچانی تری ئەو  سەدەیە و هێشاش چارەکە تەمەنێکی سەدەی بیست ویەک لە بەروبومەکەی دەخوا و دەحەسێتەوە، نە ئێمە تێرمان خوادووە و نە ئەویش وشکی کردووە، کەس ناتوانێت شریتی  مێژوو لەسەر گرتەیەکی دڵخوازی خۆی راگرێ و کوردیش ئێستا کە هاتووەتە ناو مێژوو نایەوێ ڕاڕەوەکەی رابگرێ، ئەمما تا لە لەم شاکارە داستانەی  راپەڕین جوانتر نە نووسین نەشیاوە نۆڤلێتی کرچ و کاڵ ڕەش کەینەوە و چیرۆکی هەڵبزرکاو بهۆنینەوە، ئەم شاکارەیە تا ئێستا ئیلهام بەخشە بۆ هیتر و وزە ورەیە بۆ داهاتوو.

هەر وەک سەرەتای راپەڕینە کە گەرموگوڕە و هەر وەکو سەرەتای نووسینە کە  تەڕ و تووش، بەهارییە و نەورۆزی.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵ چارەنووسی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان یەكلادەكاتەوە

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی بڕیاریدا پرسی چارەنووسی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی گشتییدا یەكلابكاتەوە كە بڕیارە لە…
Total
0
Share