قوباد تاڵەبانی: مەبەستمانە بگەینە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی یەكجاریی كێشەی بودجە و مووچە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ بنیامین هانا، جێگری كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆكرا.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران، جەختیكردەوە كە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیكترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بكرێت.

سەبارەت بە كورسیی كۆتاكان، قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە كە بەبێ جیاوازی داكۆكی لە هەموو مافی پێكهاتەكان دەكەین، وتیشی، “هیچ كاتێك دژی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان نەبووین و ناشبین، بەڵكو خواست و هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان”.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم كرا و جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، حكومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەكی پیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت و وتیشی، ئێمە نابینە كێشە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەدا”.

سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكە و وتیشی، “وەفدی حكومەت ئامادەیە سەردانی بەغداد بكات و مەبەستمانە بگەینە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی یەكجاریی كێشەی بودجە و مووچە”.

لە تەوەری كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی بوونیادنانی زانكۆیەكی كوردی ــ ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی پشتگیری و ئامادەیی تەواوی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەك بۆ كردنەوەی زانكۆكە.

بابەتی پێشتر

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک کۆبووەوە

بابەتی دواتر

لیژنەیەكی تایبەت بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان پێكهێندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share