ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی ئازار، بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی سەرەکی خرانە بەرباس و گفتوگۆکردن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەرچاو روونییەکی تەواویدا لەسەر کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و مەزڵوم عەبدی، کە تیایدا گفتوگۆکرا لەبارەی مسۆگەرکردنی سووریایەکی دەستووری، کە مافی تەواوی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت و جەخت لەجێبەجێكردنی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی نێوان سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات كرایەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتیبوو، لە جەنگ و رووبەڕووبوونەوە و گرژییە ئەمنییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە، کە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی پرسەکان بە لێکتێگەشتن و دایەلۆگ و ئەولەویەت لای یەکێتی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەریی خاکی عێڕاقە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی ئامادەیە هەموو پەیوەندیە فراوان و کاریگەرەکانی بخاتە گەر لە پێناوی ئاشتی و ئارامی و گەشەسەند بۆ عێراق بە تایبەت و ناوچەکە بە گشتی.
تەوەرێکی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکە، ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ و بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو، کە تیایدا سەرۆکی ئەمریکا بەرچاو روونیداوە لە ئامانجەکانی ئەمەریکا لەم جەنگەدا.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هەروەها [دۆناڵد ترەمپ] سوپاسی رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە عێراقدا. لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک ترەمپ دەرفەتێکی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیریی هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی لە نێوان ئەمریکا و عێراق.”