لەتیف نێروەیی: ماڵی مام چەتری کۆکەرەوە و شوێنی بریاردان

لەتیف نێروەیی، سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، دەیسەلمێنێت کە سلێمانی و دەباشان چەقی دیپلۆماسیەتی نەرم، هێمن و لەسەرخۆیە و هەنگاوە چارەسەرەکان خێراتر دەکات.

لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نووسیویەتی، سلێمانی لە دیداری ماڵی مام جەلال و کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی زیاد لە ئاماژە و پەیامێکی تێدایە، بەسەرێکدا پێگەی یەکێتی لە پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ سەرخستن و هێشتنەوەی رۆژئاڤا دووپاتدەکاتەوە، بەسەرێکی دیکەشدا دەیسەلمێنێت، سلێمانی و دەباشان چەقی دیپلۆماسیەتی نەرم، هێمن و لەسەرخۆیە و هەنگاوە چارەسەرەکان خێراتر دەکات، چونکە بە شێنەیی و دوور لە هوتاف و بانگەشەی میدیایی بۆ ئامانجە باڵا نەتەوەییەکان کاردەکات و بە چەکی ئاشتی و چارەسەر دەجەنگێت.

دەشڵێت، ئامادەبوونی بەڕێز تۆم باراک لە سلێمانی و دیداری لەگەڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاماژەی روونی رۆڵ و حیکمەتی سەرۆکە گەنجەکەی یەکێتییە لەسەر ئاستە کوردستانی، عێراقی و ناوچەکە، بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی ناکۆکی و بەریەککەوتنە سیاسییەکان، لەمەشدا نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا نەک هەر خۆی، بەڵکو فیگەرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەمزێکی رووبەڕوونەوەی تـ.ـیرۆر و خەمخورێکی دۆزی رەوای گەلەکەی (مەزڵوم عەبدی)ش ئامادەیە، ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەوەی یەکێتی و سەرۆک بافڵ وەک چۆن هاوبەشێکی سەرەکیی و راستەقینەی جەنگ بووە لە دژی تـ.ـیرۆر و تـ.ـوندڕەوی، لە ئێستاشدا کارەکتەرێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، یەکێک لەو کێشانە رۆژئاوای کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی جەنەڕاڵ مەزڵوم لە سلێمانی، شتێکی نوێ نییە، چونکە لە رۆژگاری بەهاری عەرەبییەوە یەکێتی هەر چاو و دڵ و دەستی لە رۆژئاڤا بووە و بە هەموو رێگاکان سیاسەتی یەک ماڵی لە بەرامبەریان بەکارهێناوە، هەروەک چۆن لە خۆپیشاندان و چالاکییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەش هێزی پشتیوانیی بووە و بۆ هەمووانی سەلماندووە، سلێمانی وانەی یەکخستنەوەی نەتەوەی کوردی بە دنیا ناساندەوە، سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوە سێ قوڵییەکەش پێویست بە هیچ روونکردنەوەیەک ناکات، چونکە وێنەکان و خەندەی سەر لێوی بەشداربووان هەموو شتێکمان پێدەڵێن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share