وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی باج کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ناگرێتەوە.
دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی باج بەڕێژەی 20% گەیشتووەتە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی پەیوەندی و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، تەنیا کۆمپانیاکانی کۆڕەک، ئاسیاسێڵ و زەین دەگرێتەوە، چونکە مۆڵەتی کارکردنیان لە بەغدادە.
وتیشی، بڕیارەکە کۆمپانیاکانی هێڵی ئینتەرنێت ناگرێتەوە و ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانە.
دیلان رەشاد، ئەوەش دەڵێت، بڕیارەکەی بەغداد زیان بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت، ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە لە هەرێمی کوردستان پەیوەست بە هێڵەکانی ئینتەرنێت جێبەجێبکرێت، وەزارەت رێگەنادات نرخەکان لەسەر بەکاربەران زیادبکرێن، بەڵکو دەبێت کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ئەو باجە لە داهاتی خۆیان بدەن نەک بخرێتە ئەستۆی هاوڵاتییان.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوە، لە هەرێمی کوردستاندا 35 کۆمپانیای هێڵی ئینتەرنێتی وایفای و کێبڵ هەن.