ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ دووبارە پێشنیازکردنەوەی رەشنووسی یاسای خزمەتی سەربازیی ناچاری، ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش دەڵێت، ئامانج لەو هەنگاوە “پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانییە.”
سەفا جابری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، “لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی پێشوو و ئامادەکردنی کارنامەی نوێی یاسادانان پێکهێنراوە، یاسای خزمەتکردنی سەربازی دوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ دەخرێتە ناو یاسا لەپێشینەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.”
پێشتر لە عێراق یاسای خزمەتی سەربازیی ناچاری پەیڕەودەکرا، گەنجان و پیاوان لەکاتی گەیشتن بە تەمەنی خزمەتی سەربازی، بە ناچاری دەبوو بەپێی ئاستی خوێندن و لێهاتووییان بۆ ماوەی چەند ساڵێک خزمەت بکەن.
هاوکات نورا جوحەیشی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تێپەڕاندنی یاساکە پەیوەستە بە کۆدەنگیی سیاسییەوە. راشیگەیاند، ئامانج لە دووبارە گەڕاندنەوەی یاساکە، چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانییە لەنێوان هاوڵاتییان و بەشداریکردنیانە لە پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی.
لە دوای ساڵی 2003 لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سوپای رژێمی پێشووی عێراق خزمەتی سەربازیی ناچاری راگیرا، حکومەتی نوێی عێراق سیستمی خۆبەخشانەی گرتەبەر بۆ پێکهێنانی هێزە چـ.ـەکدارە نوێیەکان.