نرخی دۆلار لە ئاستێکی بەرزدا تا رادەیەک جێگیرە، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەش سێ هۆکار بۆ ئەو بەرزبوونەوەیە دەستنیشان دەکات کە دووانیان لەژێر کۆنتڕۆڵی عێراقدان.
د. جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار سێ هۆکاری سەرەکیی لەپشتەوەیە؛ یەکەمیان جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا-یە کە ئەو بازرگانانەی ناچارکردووە کە خۆیان لە سیستمەکە تۆمارنەکردووە، حەواڵەکردنی پارە روو لە بازاڕەکانی دراو بکەن و دۆلارێکی زۆر بکڕن، کە سەرەنجام خواستی لەسەر ئەو دراوە بەرزکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری دووەم پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەت و بودجەی ساڵی 2026 کە کاریگەریی لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار هەیە و تا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەندنەکرێت، نرخی دۆلار لە بەرزیدا دەمێنێتەوە.
جەبار گۆران ئەوەشیخستەڕوو، هۆکارێکی دیکە پەیوەستە بە دۆخی سیاسیی عێراق و داواکارییەکانی ئەمریکا. بە وتەی وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەگەر عێراق ئەو داواکارییانە جێبەجێبکات، نرخی دۆلار روو لە دابەزین دەکات.