شیروان میرزا: بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا ئەو پشێویەی لە بازاڕ هەیە نامێنێت

ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، هەر بازرگانێک دژی سیستمی ئەسیکۆدابێت ئەوە دەیەوێت شت بە نرخێکی گران بە هاوڵاتییان بفرۆشێت.

شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “سیستمی ئەسیکۆدا جیهانییە و پێشکەوتووترینە، هەر وڵاتێک کە بەدواوی شەفافیەتەوە بێت لە بوارەکانی باج و گومرگدا، دەبێت سیستمی ئەسیکۆدا پەیڕەوبکات، گەورەترین سوودیشی بۆ عێراق ئەوەیە، کە لە رێگەی ئەم سیستمەوە چیتر دۆلار بەشێوازێکی نایاسایی ناچێتە دەرەوەی عێراق”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر بە ناچاریش بێت هەر دەبێت جێبەجێی بکات، تەنیا درەنگ و زووی کەوتووە، سیستمەکە سوودێکی گەورەی بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئەو پشێویەی لە بازاڕی دۆلاردا هەیە، نایهێڵێت”.

وتیشی، “بەهۆی سیستمی ئەسیکۆداوە بازرگانی راستەقینە لە بازرگانی وەهمی جیادەبێتەوە، ئەو کاڵایەی کە بە راستەقینە دەهێنرێت ئەوە گومرگی دەخرێتەسەر، بازرگانی راستەقەینەش سوودمەنددەبێت، ئەوەی کە زیان دەکات بەهۆی ئەم سیستمەوە ئەو بازرگانەیە کە وەهمییە و گومرگ نادات و دەیەوێت شت بە گران بە هاوڵاتییان بفرۆشێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share