قوباد تاڵەبانی: ئەو پارەیەی لە هاوکارییەکانی چەمچەماڵ ماوەتەوە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا خەرجدەکرێت

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، وەک بەڵێنمان دابوو کە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش بەجێناهێڵین و ئەو پارەیەی لە هاوکارییەکانی چەمچەماڵ ماوەتەوە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا خەرجدەکرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەک بەڵێنمان دابوو کە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە بە تەنها جێناهێڵین و تاوەکو کۆتایی و قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووان، لەگەڵیاندا دەمێنینەوە، ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد و لە نزیکەوە بە دواداچوونم بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە کرد و لەگەڵ ئەندامانی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێری کۆبوومەوە.

راشیگەیاند، بە دەرفەتی دەزانم جارێکی دیکە سوپاسی خەڵکی کوردستان، وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و ئەو دەزگا میدیاییانە بکەم کە بە هەستێکی بەرزی نیشتمانی و ئینسانییەوە بەشداربوون لە هاوکاریکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان. هەروەها سوپاسی ئەندامانی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوە دەکەم کە توانییان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن و لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکە ئازیزەکەماندا بوون. سوپاسێکی تایبەتیش بۆ ئەندامانی بۆردی چاودێری و هەموو ئەو کەسایەتییە متمانەپێکراوانەی چەمچەماڵ کە بە وردی چاودێریی چۆنیەتیی راپەڕاندنی پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەکەیان کردووە و گەرەنتیی شەفافییەتی پرۆسەکەیان کرد.

جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە تەواوبووە، بەڵام بەوپێیەی کۆمیسیۆنەکە نموونەیەکی سەرکەوتووی لە خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵی پێشكەشکردووە، بڕیارماندا ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە ژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوامبن لە خزمەتکردنی خەڵکی ئازیزی دەڤەرەکە و ببنە رایەڵەی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “بڕیارماندا ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە، بە سەرپەرشتیی ئەندامانی ئەو لیژنەیە و هەروەها لەژێر چاودێریی ئەندامانی بۆردی چاودێری و کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی چەمچەماڵ، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرجبکرێت و دواتریش بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک، ئەنجامەکەی بەوپەڕی شەفافییەتەوە بۆ رای گشتی ئاشکرابکرێت”.

لە کۆتاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو، “خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ دڵنیادەکەمەوە، لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی بەندە، تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی گۆپتەپەیە، بۆ ئەمەش لە هەوڵی تەواوداین کە لە نزیکترین دەرفەتدا، تەواوبکرێت و کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەربکرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share