شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، سەرمای زستان کۆتایی نەهاتووە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە جارێکی دیکە شەپۆلی بەفر و باران روو لە ناوچەکانمان دەکاتەوە.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین لە مانگی شوبات کۆتایی نەهاتووە، دووبارە کەشی ناسەقامگیر روو لە ناوچەکانمان دەکاتەوە، لە چەند رۆژی کۆتایی ئەم مانگە، بەفر و باران دەستپێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت لە مەودای نێوان 22ی شوبات بۆ 28ی شوباتی 2026، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لەو ماوەیەشدا سەرمای زستان بۆ چەند رۆژێکی دیاریکراو دەگەڕێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆتایی ئەم مانگە، بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەریی شێدار بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.