بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و شۆفێران، رێگەی قەرەسرد-دوکان لە رانیە، بە شێوەیەکی کاتیی دادەخرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی رانیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سەرجەم شۆفێران ئاگاداردەکەینەوە، لە رۆژی پێنجشەممەوە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و شۆفێران، رێگەی قەرەسرد-دوکان بە شێوەیەکی کاتیی دادەخرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاککردنەوەی رێگەکە لەو پارچە بەرد و پاشماوەی شاخانەی بەهۆی باران و بەفرەوە هەرەسیان هێناوە، هەروەها لادانی ئەو بەشانەی شاخەکژە کە مەترسی داڕمانیان لێدەکرێت.
باسی لەوەشکرد، داواکارین لە شۆفێران رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن.