نۆ ساڵ تێدەپەڕێت.. مەخمور چۆن رزگاركرا؟

سایلۆی مەخمور

لە بەردەوامیی هێرش و مەترسییەكانی داعشدا بۆ كۆنتڕۆڵكردن و دەستبەسەراگرتنی شار و ناوچەكانی كوردستان، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا هێزەكانی دژەتیرۆر و پێشمەرگەكانی یەكێتی، چەكدارانی رێكخراوەكەیان راوەستاند و یەكەم سەركەوتنیان بەسەردا تۆماركردن.

ئەمڕۆ 10ی ئاب نۆ ساڵ بەسەر ئازادكردنی شارۆچكەی مەخمور لە چنگی چەكدارانی داعش تێدەپەڕێت، كە هێزەكانی دژەتیرۆر و پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامیاندا.

بەر لەو رۆژە نەك تەنها مەخمور، بەڵكو هەولێر-یش لە بەردەم مەترسیی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوو، خەڵك بە لێشاو هەڵهاتن، بەهۆی ئەوەی پێشتر هەڵهاتنی پێشمەرگەكانی پارتی-یان لە شەنگال بینیی بوو، بەڵام ئەمجارە دژەتیرۆر و پێشمەرگەی یەكێتی هاوكێشەكەیان پێچەوانە كردووە، مەخمور رزگاركرا و هەولێریش بە پارێزراوی هێڵدرایەوە.

دەربارەی وردەكاریی جوڵەپێكردنی هێزەكانی دژەتیرۆر، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی لە نووسینێكدا دەڵێت، دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە كە هەولێر لە مەترسیدایە، دەستبەجێ لەگەڵ برادەرانی دژەتیرۆر قسەمان كرد، ئەوان ئامادەبوون بێن و كەوتینەڕێ.

دەشڵێت، “لەبیرمە كە چوینە هەولێر و لە پردێ تێپەڕین، بە هەزاران سەیارە و خێزان رایاندەكرد، لەو قۆڵە و لە قۆڵەكانی تریشەوە خەڵك لە هەولێر رایاندەكرد، كە هێزەكانی دژەتیرۆریان بینی بەو حەماسە و بەرزكردنەوە ئاڵای كوردستان و یەكێتی، بیستم كە ورەی خەڵك بەرزبووەوە نیوەی ئەوانەی رایانكردبوو گەڕانەوە”.

لەبارەی مەترسی داگیركردنی هەولێریش لەلایەن داعشەوە، مەلا بەختیار باسی ئەوە دەكات كە دوای چوونیان بۆ هەولێر لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دڵنیایان داوەتە مەسعود بارزانی و دەڵێت، “بە كاك مەسعودم وت ئەوە دژەتیرۆر هاتووە بۆ هەولێر و دڵنیابە ناهێڵین داعش هەولێر داگیربكات هێزێكی دژەتیرۆری ئەوەندەمان هەیە دەتوانین بیانشكێنین و دەشبێت بچین پەلاماری مەخمور بدەین”.

سەبارەت بە ئازادكردنی مەخموریش مەلا بەختیار رایگەیاند، كاتێك گەیشتینە مەخمور دژەتیرۆر شەڕێكی قارەمانانەیان تۆماركرد، بەڕاستی قارەمانیەتی لەوە زیاتر نابێت كە دژەتیرۆر و پێشمەرگە لە مەخمور دژی داعش تۆماریكرد، كە دژەتیرۆر سایلۆكەی مەخموری گرت، تەپڵی سەركەوتن لە مەخمور لێدرا.

هەر لەبارەی ئەو شەڕەوە لیوا ئەیوب یوسف، سەرپەرشتیاری لیوای 3 و 7ی تایبەت دەڵێت، لەو رۆژەدا داعش بە هێزێكی زۆرەوە دژە هێرشی ئەنجامدا و بەشێكی زۆری هێز و لیواكان كشانەوە “ئێمە نەبێت كە بەهیچ شێوەیەك پاشەكشەمان نەكرد و داعشمان بەزاند”.

دەشڵێت، هێزەكانی دژەتیرۆر و چەندین لیوای پێشمەرگە بەشداری ئەو شەڕەیان كرد و رۆڵی گرنگیان هەبوو.

لە ساڵیادی رزگاركردنی مەخموردا هێزەکانی دژە تیرۆر_CTG بڵاویکردەوە، “بەر لە 9 ساڵ و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، هێزەکانی دژەتیرۆر داستانێکی بێوێنەیان تۆمارکرد، کاتێک هەمووان دەستەوەستان بوون و چەندین ناوچە بێ بەرگری رادەستی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش کرابوون و تەنها چەند کیلۆمەترێک لەنێوان رێکخراوەکە و هەولێری پایتەختدا هەبوو، هێزەکانی دژەتیرۆر توانیان شارەکە بپارێزن و شارۆچکەی مەخمور بە کەمتر لە کاتژمێرێک کۆنتڕۆڵ بکەنەوە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دژەتیرۆر_CTG، ئەو هێزەیە کە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر پاراستنی بست بە بستی خاکی کوردستان و قوربانیدانی هێزەکانی دژەتیرۆر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان شایەتی ئەو راستییە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای نێوەندگیری لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوادەكات نەتەوەیەكگرتووەكان وەك لایەنی سێیەم لە دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بەشداربێت، بڕیاریشیدا وردەکارییەکانی دانوستان…
Total
0
Share