سەرۆکی کۆمەڵەی كەمئەندامانی سەنگەر لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا مووچەی مانگی 10ی ساڵی پاریان پێنەدراوە، لەكاتێكدا عێراق مووچەكەیانی ناردووە.
فوئاد عەبابەکر، سەرۆکی کۆمەڵەی کەمئەندامانی سەنگەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “زیاتر لەهەشت هەزار كەمئەندامی سەنگەر لە هەرێمی كوردستان، مووچەی مانگی 10ی ساڵی رابردوویان پێنەدراوە، لەكاتێكدا هیچ یەکێک لە دۆسیەکانیان كێشەی تێدا نەبووە”.
وتیشی، “وەزارەتی دارایی عێراق، مووچە مانگی 10ی ساڵی رابردوی بۆ ئێمە ناردووە، بەڵام لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگیراوە”.
باسی لەوەشکرد، “تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مۆڵەت دەدەینەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە مووچە مانگی 10ی ساڵی رابردوومان بۆ خەرجبکات، ئەگینا هەڵوێستمان دەبێت”.
لە کۆتایشیدا رایگەیاند، “حكومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر خـ.ـوێنی ئێمە دروستبووە، دەبوو لەبری ئەوەی مووچەكانمان رابگرێت و دەست بۆ قوتی منداڵەكانمان بببات، یاسای ژمارە 34ی خانەنشینی جێبەجێبكردایە، بۆیە روودەكەینە وەزیری دارایی و دەپرسین بە چی هۆكارێک دەستی بۆ قوتی منداڵ و گیرفانی كەمئەندامانی سەنگەر بردووە؟”.