شارەزای بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، درەنگانی ئەمشەو شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانمان دەکات و مەترسی روودانی لافاو هەیە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، ئەمشەو پاش کاتژمێر 12ی شەو، بەهۆی هاتنی شەپۆلێک لە دەریای سوورەوە، بارانبارین لە ناوچەکانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین، سنووری کەرکوک دەستپێدەکات.
وتیشی، لە مەودای کاتژمێر 1ی ئەمشەو بۆ کاتژمێر 8ی بەیانیی سبەینێ شەممە، ناوبەناو باراندەبارێت، هەندێک کات تاوەبارانی بەخوڕ دەبارێت لەگەڵ هەورەبرووسکە، ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە تەرزە ببارێت و مەترسی روودانی لافاوی کاتی هەیە.