بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێک بەناوی (ئـ، س، ع) لەدایکبووی ساڵی 2013 بەتۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی بەناوی (ئـ، س، ع) لەدایکبووی ساڵی 2008، دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، هەواڵی برینداربوونی کەسێک بەناوی (ئـ، س، ع) لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە قەزای سەیدسادق گەیشتە بنکەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد.
راشیگەیاند، دواتر بریندارەکە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخرا و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد بەپێی ماددەی (405) لە یاسای سزادان.
ئاماژەی بەوەشکرد، توانرا لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا، تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیربکرێت، هەروەها دەستگیرا بەسەر ئەو چەکەدا کە لە رووداوەکەدا تۆمەتبار بەکاریهێنابوو.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری دادوەر و بە هەمان ماددەی یاسایی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.