کۆدەکەی ئێپستین شکێندرا و پەردە لەسەر ملیۆنان بەڵگەی نهێنی لادرا

وەزارەتی دادی ئەمریکا زیاتر لە سێ ملیۆن لاپەڕە و 180 هەزار وێنە و 2000 ڤیدیۆی ناو بەڵگەنامەکانی کەیسی جێفری ئێپستین، بازرگان و تاوانباری سێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بیڵ گەیتس و ئێڵۆن مەسک هاتووە.

مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە کەیسی ئێپستین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوور بوو لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە و پێی وابوو زۆربەی دەسەڵاتدارە باڵاکانی دیموکراتەکان لەو کەیسەدا تێوەگلاون.

تۆد بلانچ، پارێزەری پێشووی ترەمپ و جێگری داواکاری گشتیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا، “کۆشکی سپی و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هیچ دەستوەردانێکیان نەکردووە و هیچ کارێکمان بۆ پاراستنی ترەمپ یان هەر کەسێکی دیکە نەکردووە.”

فایلەکان وردەکارییەکانی ماوەی زیندانیکردنی جێفری ئێپستین، لەخۆدەگرن، لەنێویاندا راپۆرتێکی دەروونی و مردنی لەکاتی زیندانیکردندا، لەگەڵ تۆماری لێکۆڵینەوە لەسەر گیسلین ماکسوێل، هاوکارەکەی ئێپستین، کە سزادرابوو بە یارمەتیدانی بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ.

هەروەها لە فایلەکاندا ئیمەیڵی نێوان ئێپستین و چەندین کەسی بەناوبانگی تێدایە. کە زۆربەیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەیەیەک لەمەوبەر.

لەناو فایلەکاندا، رەشنووسی دوو ئیمەیڵی ئێپستین بڵاوکراونەتەوە کە بۆ بیڵ گەیتس، خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نێردراون. یەکێکیان باس لە دەستلەکارکێشانەوە لە دامەزراوەی بیڵ و مێلیندا [هاوسەری ئەوکاتی بیڵ گەیتس] دەکات و نوسراوە ناچارە دەرمان بۆ گەیتس دابین بکات “بۆ ئەوەی دەرئەنجامەکانی سێکسکردن لەگەڵ کچانی رووسیا چارەسەربکات.”

لە ئیمەیڵێکی دیکەدا، باس لەوەدەکات کە گەیتس ”کۆتایی بە هاوڕێیەتییەک هێناوە” و هەوڵی داوە ” هەوکردنی سێکسی بشارێتەوە.”

یەکێکی دیکە لەو کەسایەتییە دیارانەی تێوەگلاوە لە هەبوونی پەیوەندیی بە ئێپستین، ئێڵۆن مەسک، گەورە سەرمایەداری جیهانی و خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس و تێسلا-یە.

مەسک پێشتر باسی لەوەکردبوو کە ئێپستین بانگهێشتی دوورگەکەی خۆی کردبوو، بەڵام رەتیکردووەتەوە بڕوات.

لەو ئیمەیڵانەی رۆژی هەینی بڵاوکراونەتەوە، ئێڵۆن مەسک ساڵی 2012 پرسیاری لە ئێپستین کردووە و “کەی و لە کوێ گەورەترین ئاهەنگ لەسەر دوورگەکەت بەڕێوەدەچێت؟”

ناوی دۆناڵد ترەمپ-یش لەناو بەڵگەنامەکاندا زیاتر لە سەدان جار هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر چەندین جار دانی بەوەداناوە کە پەیوەندیی هاوڕێیەتیی لەگەڵ ئێپستین هەبووە، بەڵام نەیزانیووە کە تاوانی سێکسی ئەنجامداوە.

لەناو بەڵگەنامەکاندا، لیستێك هەیە کە ساڵی رابردوو دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI، ئەو تۆمەتانەی تێدایە کە لە رێگەی پەیوەندییکردن بە هێڵی گەرمی ئۆپەراسیۆنی هەڕەشەی نیشتیمانیی ئەمریکاوە ئاراستەی ترەمپ کرابوو. زۆربەی ئەم تۆمەتانەش لەلایەن ترەمپ و وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بە بێ بەڵگە و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەک رەتکراونەتەوە.

بەپێی پوختەیەک، “ژنێک کە ناوی نەهێنراوە، بۆ هاوڕێیەکی نەناسراوی خۆی گێڕاوەتەوە، نزیکەی 25 ساڵ لەمەوبەر لە نیوجرسی ناچار بووە سێکس لەگەڵ ترەمپ ئەنجام بدات، لەو کاتەدا تەمەنی نزیکەی 13 یان 14 ساڵ بووە، گازێکی لە ترەمپ گرتووە، گوایە دوای پێکەنین بەو کارەی کە کردوویەتی، مشتێکی لە دەموچاوی دراوە. هەروەها وتی لەلایەن ئێپستین دەستدرێژی کراوەتە سەری.

ئێپستین سەرمایەدارێکی ئەمریکی بوو کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سیاسەتمەدار، هونەرمەند و کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان هەبوو، زۆرجار تۆمەتبار دەکرا بە قاچاخچێتیکردن بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بۆ ئەنجامدانی سێکس بۆ خۆی و میوانە دەوڵەمەندەکانی.

ئێپستین لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا و و لە ئابی هەمان ساڵدا لە زیندان لەکاتی چاوەڕێکردنی دادگاییکردنەکەی، گیانی لەدەستدا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share