پەرلەمانتارێکی دیاری بەریتانیا پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، یەکێکە لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان.
جێرمی كۆربن، پەرلەمانتاری بەریتانیا، نامەیەكی رەسمیی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی كرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق کە بە “هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا” ئەنجامدەدرێن، مەترسیی هەڵگیرسانەوەی جەنگی ناوخۆیی و چەوساندنەوەی کوردەکانی لە سوریا لێدەکرێت.
نووسیویشیەتی، کورد یەکێکە لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نین و بۆ ماوەیەکی درێژ لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان بێبەش کراون.
ئەو پەرلەمانتارە داوادەکات، پشتیوانیی دانوستانی گشتگیر لە نێوان حکومەتی سوریا و نوێنەرانی گەلی کورد بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بکرێت، بەجۆرێک نەتەوەی کورد پارێزراوبێت و رێگری بکرێت لە کۆچی زۆرەملێ.
داواشدەکات، “بەشێوەیەکی دەستووری دان بە ناسنامە و زمانی کوردی و مافی خۆبەڕێوەبەری بنرێت و چاودێرانی نێودەوڵەتی بنێردرێنە ئەو ناوچانە، بەمەبەستی تۆمارکردنی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کراون”.