کەی بەفربارین کۆتاییدێت؟

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلی بەفربارین لە ناوچەکە کۆتاییهات، ئەمشەو بۆ بەرەبەیانیی سبەی شەممە، بەهۆی ئەو بەفرەی کە باریوە، پلەی گەرمی لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر نزمدەبێتەوە و شەختە و بەستەڵەک دروستدەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی راگەیاند، شەپۆلی بەفربارین لە ناوچەکە کۆتاییهات، ئەمشەو بۆ بەرەبەیانیی سبەی شەممە، بەهۆی ئەو بەفرەی کە باریوە، پلەی گەرمی لە بەشێک لە ناوچەکان، سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر نزمدەبێتەوە، هەروەها شەختە و بەستەڵەک دروستەبێت، بەڵام هاوشێوەی شەوانی رابردوو سەرماکە بەهێز نابێت و ئاسایی دەبێت، هەروەها دەنگۆی هاتنی وشکەسەرمای توند بۆ ناوچەکە لە رۆژانی داهاتوودا، دوورە لە راستییەوە.

وتیشی، لە سبەی یەکشەممەوە، تا رۆژی چوارشەممە، کەشی هەرێمی کوردستان جیاواز لە رۆژانی رابردوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمەش بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی گەرم لە باکووری ئەفریقا بۆ ناوچەکانمان و دوورکەوتنەوەی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور، بۆیە پلەی گەرمی بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەی گەرمی لە ناوچەکانی گەرمیان، هەولێر و کەرکوک زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2026، پێشبینیدەکرێت، حاڵەتێکی دیکەی ناجێگیری کەش بۆ ماوەیەکی کورت، لە دەریای سوورەوە بگاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بارانبارین دەستپێبکاتەوە، کە زیاتر بەشێوەی تاوەباران دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبرووسکە و بارینی بەفریش لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share