دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی شاسوار عەبدولواحید دەکات و بۆ یەکەمجار ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای سەرەکیی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت تێیدا، چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێدەکرێن؛ گرنگترینیان پرسی پێکهێنانی حکومەت و رێککردنەوەی هاوسەنگیی هێزە.
بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکە، شاسوار عەبدولواحید گەیشتووەتە شوێنی کۆبوونەوەکە و لەگەڵ رێبوار ئەورەحمان، سروە عەبدولواحید و هیمداد شاهین، چاوەڕوانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەفدی یەکێتی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، شاسوار عەبدولواحید پاش ئازادکردنی لە زیندان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا و تێیدا، چاڵێنجی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی کرد، کە پێکەوە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان رێکبکەنەوە.
کەمێک دواتر، بافڵ جەلال تاڵەبانی راستەوخۆ وەڵامی دایەوە و چاڵێنجەکەی قبوڵکرد؛ وتی، ئەگەر ئێوە بە جدیتان بێت، ئێمەش بە جدیمانە و رۆژی شەممە سەردانتان دەکەین.