کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران بەڕێوەیە و خێرایی با زیاددەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، شەپۆلێکی باران و بەفربارین لە کاتەکانی دواینیوەڕۆی رۆژی هەینی روو لە ناوچەکانمان دەکات.
دەشڵێت، نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارستەهەوایەکی سارد کار دەکاتە سەر کەشی ناوچەکەمان، سەرەتا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و پاشان سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات بە نمەبارانی لەسەرخۆ و بەفربارینی پچڕپچڕ لەسەر ناوچە سنوورییەکان و لوتکەی شاخە بەرزەکان.
دەشڵێت، لە ئێوارەدا کاریگەریی شەپۆلەکە دەگاتە سەر سەرجەمی ناوچە جیاجیاکان، باران لە سەنتەری پارێزگەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بە رێژەی جیاجیا دەبارێت شێوازی باران بارینی پێشبینیکراو بە شێوەی نمەباران و هەندێک کات بارانی مامناوەند دەبێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دەڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو کاتەکانی شەوی شەممە بەردەوامدەبێت، لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە پلەی گەرمی بە نزیکەی (4-6) پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە و خێرای با هەندێک کات بۆ سەرووی (20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاددەکات.