لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ و لە یەکەم رۆژی 2026ـدا، روسیا و ئۆکرانیا بە هێرشکردنە سەر یەکتر دەستیانپێکرد. ئۆکرانیا لە هەرێمی خێرسۆن لە رێگەی درۆنەوە هێرشێکی ئەنجامدا و 24 کەسی کوشت.
ڤلادیمێر سالدۆ، حاکمی هەرێمی خێرسۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاویکردەوە، “سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هۆتێلێک و قاوەخانەیەکیان لە کەنارەکانی دەریای رەش لە ناوچەی خۆرلی کردووەتە ئامانج”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە هێرشەکەدا زیاتر لە 50 کەس برینداربوون و کوژرانی 24 کەسیش پشتڕاستکراوەتەوە؛ لیژنەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی روسیا، لێکۆڵینەوەکانی لە هێرشەکە دەستپێکردووە.
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، روسیا “ساڵی نوێی بە بەردەوامیدان بە جەنگ دەستپێکرد” و زیاتر لە 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کیێڤ کردووە.