شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای كردووە و وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت، “لە ئاییندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پرۆژە و گرێبەست و لێکتێگەیشتنی هاوبەش ئەنجام دەدەین کە دەبنەهۆی وەچەرخان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.”
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “دوابەدوای داوەتنامەی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا، لەگەڵ بریکار و شاندێکی وەزارەت و بە یاوەری ژمارەیەک وەبەرهێنەری کوردستان و پاشكۆی بازرگانیی تورکی، سەردانێکی یەک هەفتەیی تورکیامان کرد و چەندین دیدارو کۆبوونەوەی فەرمی و بەسەرکردنەوەی پرۆژەکانمان ئەنجامدا.”
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزیری كشتوكاڵ كە ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی كانوونی دووەم بڵاوكراوەتەوە، شاندەكە سەردانی پارێزگا و شارەكانی غازی عەنتاب مێرسین و ئەنتالیای كردووە و چەندین پرۆژەی بەسەر کردووەتەوە کە لە تورکیا بە تەکنەلۆژیای سەردەم بەرهەمهێنانیان بۆکراوە، لەوانە سەردانی کارگەکانی خانووی پلاستیکی و شووشەیی هەموو بەشەکان لە دایەنگە و چاندن بە تەکنەلۆژیای سەردەم بەتایبەتی لە بواری پرۆژەی تەواوكاریی بەرهەمهێنانی مۆز و چاندنی تەماتەدا.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە “شاندەكە سەردانی پرۆژەی تەغلیفکردن و بەپاکێتکردنی بەرهەمەکان و کۆگاکانی ساردکەرەوەی سەوزە و میوەکان و سەردانی کارگەی بەرهەمهێنانی جۆرەکانی پەیینی کشتوکاڵی كردووە.”
هەر لەو گەشتەدا بۆ توركیا، شاندەكەی هەرێمی كوردستان سەردانی خانووی پلاستیکی و شووشەی بەرهەمهێنانی میوەکانی شیلک و مانگۆ دراگۆن و فلۆریا و چەندین میوەی تری كردووە، لەگەڵ بەسەركردنەوەی پرۆژەی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی شووتی.
ڕاگەیەندراوەكەی وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت، “سەردانی سەنتەری پێشکەوتوی توێژینەوەی کشتوکاڵی تورکیامان كرد، کە تاقیکردنەوە و شیکاری بۆ بەرهەمەکانی جوتیاران و کۆمپانیاکانی کشتوکاڵی دەکات لە ڕێگەی چەندین ستافی ئەکادیمیایی و زانستی. هەروەها سەردانی کارگەی تاقیگەی دروستکردنی شەتڵ بەشێوازێکی زۆر مۆدێرنی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، ئەم کارگەیە بەرهەمەکانی بۆ چەندین ووڵات دەنێرێ و ئەزمونی زیاتر لەبیست ساڵە.”
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكە، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ڕایگەیاندووە، “مەبەستی سەرەکیی ئەم سەردانەمان بۆ تورکیا، بەهێزکرنی پەیوەندیی نێوان وەبەرهێنەرانی کوردستانی و تورکی بوو بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی تورکیا.”
ئاشكراشیكردووە كردووە كە شاندی پێشوازیکەر وەکو دیاری بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی كوردستان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی خانوویەکی شووشەیی مۆدێرن لە سەر ڕووبەری دوو دۆنم زەوی لە پرۆژەیەکدا بۆ مەبەستی ئەزموونێکی تاقیکردنەوەی بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان پێشکەش کرد.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا، وەزیری كشتوكاڵ ئاشكرایكردووە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا وا بڕیارە ژمارەیەک پرۆژە و گرێبەست و لێکتێگەیشتنی هاوبەش ئەنجام بدرێت کە دەبنەهۆی وەچەرخان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان و خزمەتێکی بەرچاو بۆ جوتیاران و خاوەن پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان.”