سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سوپاسالاری لیبیا دەستیپێکرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی، دڵتەنگ و خەمبارم بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی محەمەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە و زانیاری لەو بارەیەوە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمانەوە بڵاودەکرێتەوە.
دوێنێ سێشەممە، محەمەد حەداد، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیا و وەفدی یاوەری، بەمەبەستی ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی رەسمی، سەردانی تورکیای کردبوو.
کاتژمێر 8:10ـی هەمان شەو، سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی لە فڕۆکەخانەی ئیسەنبۆغا لە ئەنقەرە بەڕێکەوتن بۆ تەرابلوس؛ بەپێی میدیاکانی تورکیا، فڕۆکەکە دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی، گیانیان لەدەستدا.