وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هاوڵاتییانی ئیسرائیل: هۆشدارییەکانمان بە جددی وەربگرن

وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە هاوڵاتییانی ئیسرائیل دەکات، پێش ئەوەی هێرشبکرێتە سەر وڵاتەکەیان، هۆشدارییەکانی ئێران “بە جددی وەربگرن”.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویەتی، “بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانمان بە وریاییەوە بارەگایەکی فەرماندەیی هەواڵگری و کۆنترۆڵکردنی سەربازیی ئیسرائیل و ئامانجێکی دیکەی گرنگیان، لەناوبرد”.

دەشڵێت، “شەپۆلی تەقینەوەکە زیانێکی رووکەشی بە بەشێکی بچووکی نەخۆشخانەی سەربازیی سۆرۆکا، گەیاندووە، کە بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکە چۆڵکراوە”.

عەراقچی باسلەوەشدەکات، “ئەم نەخۆشخانەیە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی سەربازانی ئیسرائیل کە بەشداری لە جینۆسایدی غەززە دەکەن بەکاردێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل 94 نەخۆشخانەی فەڵەستینی لەناوبردووە یان زیانی پێگەیاندوون”.

نووسیویشیەتی، “ئەوە رژێمی ئیسرائیلە ئەم خوێنڕشتنەی دەستپێکرد، نەک ئێران، ئێمە نەخۆشخانە و خەڵکی مەدەنی ناکەینە ئامانج. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نایاسایی ئیسرائیل لە دژی گەلی ئێران لە هەفتەی رابردووەوە، سەدان کەسی بێتاوان خوێنساردانە کوژراون”.

داواش لە هاوڵاتییانی ئیسرائیلی دەکات، “پێش هێرشەکان فەرمانەکانی چۆڵکردنمان بە جددی وەربگرن و خۆیان لە نزیکبوونەوە لە دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکان بەدووربگرن. هێزە چەکدارەکانمان بەردەوامدەبن لە سەرکوتکردنی ئەو تاوانبارانە کە گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، تاوەکو ئەوکاتەی واز لەم کارە دەهێنن و باجی دەستدرێژییە تاوانکارییەکانیان بۆ سەر میللەتەکەمان دەدەن”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share