ئەمریکا: لەهێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان لەسوریا سەرکردەیەکی دیاری ئەلقاعیدە کوژرا

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9

ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای ئەلقاعیدەی ڕاگەیاند، لە هێرشێکدا کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سوریا ئەنجامیداوە، ئەو سەركردەیەی ئەلقاعیدە لەناوچەیەك كراوەتە ئامانج كە لەژێر كۆنترۆڵی توركیادایە.

جۆن ڕیجسپی وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئەمریکاوە شەوی هەینی ئەنجامدرا، فەرماندەیەکی دیاری ئەلقاعیدە بەناوی عەبدولحەمید مەتەر لە سوریا کوژرا.

بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت، “کوشتنی ئەو سەرکردە دیارە وادەکات کارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە تێکبچێت، لە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر وڵاتانی جیهان یان هاوڵاتییانی ئەمریکی و هاوبەشەکانمان، یان کەسانی سڤیل و بێتاوان”.

هێرشەکە لە سلوک لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجامدراوە، کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گروپە سورییە هاوبەشەكانیدایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ زانیارییەک نییە کە بوونی کوژراو و برینداری هاوڵاتیی سڤیل لەو هێرشەدا بخاتەڕوو.

هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-9 کە بە “ڕیپەر” ناسراوە، ئەنجامدراوە.

وتەبێژەکەی فەرماندەیی ئەمریکا هیچی سەبارەت بەوە نەدرکاندووە، کە هێرشەکە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە بووە كە لە ڕۆژی چوارشەممە کراوەتەسەر پێگەیەکیان لە سوریا.

ڕیجسپی دەڵێت، “ڕێکخراوی ئەلقاعیدە ئێستاش مەترسییە بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەو ڕێکخراوە سوریا وەک شوێنێک بۆ دووبارە بونیادنانەوەی خۆی و پەیوەندیکردن لەگەڵ لقەکانی دەرەوەی و پلان و چالاکییەکانی بەکاردەهێنێت“.

پێشتر لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ئەمریکا ڕایگەیاند، کە سەرکردەیەکی دیاری ئەلقاعیدەیان بەناوی سەلیم ئەبو ئەحمەد كوشتووە.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی هەڵەبجە: هەر فەرمانبەرێک ڤاکسین وەرنەگرێت مووچەی پێنادرێت

بابەتی دواتر

بەشێك لە هۆشدارییەكانی سەر ئاسمانی عێراق هەڵگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share