وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پلەبەرزکردنەوە، داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە خشتەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئامادەبکەن.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکان کراوە، هاتووە، بەمەبەستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پلەبەرزکردنەوەی راژەی سەربازی و شارستانی، لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026، پێویستە خشتەی پلەبەرزکردنەوە پڕبکرێتەوە.
روونیشیکردوەتەوە، کە پێویستە لە ماوەی 20 رۆژدا و بەبێ دواکەوتن، لیستەکان رەوانەی وەزارەت بکرێنەوە، ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم خشتەیە دیاریکردنی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.