رۆیتەرز: روسیا هۆشداریدەدات لە روودانی کارەساتێکی ئەتۆمی

بەگوێرەی راپۆرتێک، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە لەلایەن روسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە، ئێستا تەنیا لە رێگەی یەک هێڵەوە کارەبا بەرهەمدەهێنێت و بەڕێوەبەرانی وێستگەکەش هۆشداریی دەدەن.

ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئۆکرانیاوە، لە دوو هێڵی بەرهەمهێنانی کارەبا، تەنیا یەک هێڵی وێستگەکە کاردەکات، ئاستی تیشکدانەوە لە وێستگەکە ئاساییە و بە زووترین کات دەستدەکرێت بە چاککردنەوەی هێڵە لەکارکەوتووەکە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەوروپا، لە مانگی سێی ساڵی 2022ەوە لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە، لە ئێستادا وێستگەکە هیچ بڕە کارەبایەک بەرهەمناهێنێت، بەڵکو پشتبەستووە بە وزەی دەرەکی، تاوەکو ماددە و کەرەستەکانی وێستگەکە بە ساردی بمێننەوە.

باسی لەوەشکردووە، هەر یەک لە روسیا و ئۆکرانیا یەکتری بە هێرشکردنە سەر وێستگەکە تۆمەتباردەکەن، شارەزایانیش هۆشداریی دەدەن لەوەی کارەساتێکی وەک ئەوەی بەسەر وێستگەکانی چێرنۆبڵ و فوکۆشیمادا هات، بەسەر زاپۆریژیدا دووبارەببێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share