بۆردی راگەیاندنی یەكێتی بۆ عەلی حەمەساڵح: چاوەکانت کزبوون پێویستت بە چاویلکەیە

بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا کە ئاراستەی عەلی حەمەساڵحی کردووە دەڵێت، دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر لافاوەكەی سنووری چەمچەماڵ و ئەو كارەسـ.ـاتە سروشتییەی كە زیانێكی یەكجار زۆری بە هاوڵاتیان و دامودەزگا حكومییەكانی ناوچەكە گەیاندووە، ئەوجا بەڕێز عەلی حەمەساڵح و تیمەكەی تەشریفیان بردە قەزای چەمچەماڵ و دوای چركاندنی چەند سێڵفییەك و لێدوانێكی چەواشەكاریانە چەمچەماڵیان بەجێهێشت!!!.

لەسەر چەواشەكارییەكانی کاک عەلی كە دەڵێت: (ئەوەی میدیای دەسەڵات (یەكێتی) باسی دەكات هیچی راست نییە)، بەپێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینەڕوو:

1- كاكە عەلی، یان چاوەكانت كزن و پێویستیت بە دروستكردنی چاویلكەی تەندروستی هەیە، ئەگینا چۆن ئەو دیمەنانە نابینی كە هەر لەیەكەم رۆژی كارەساتەكەوە تیمی یەكێتی لەحكومەت بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی مەیدانیانە لەگەڵ خەڵكی چەمچەماڵدان و لەسەر بڕیاری سەرۆك بافڵ تاڵەبانی-ش هەرچی توانای حزبی هەیە شانبەشانی تیمی حكومی لەهەوڵی كەمكردنەوەی ئازارەكانی خەڵكی ناوچەكەدان .

2- ئەگەر چاوەكانت كزنین، ئەوا ناخت ئەوەندە رەشە كە نەتانتوانی لە چەچەماڵ سەردانی تەنها یەك تیم لەو دەیان تیمانە بكەن كە چوار رۆژە لەو قەزایە شەونخونی دەكەن و سەرقاڵی پاككردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری لافاوەكە و چونییەتی رێگریكردنن لە دووبارە بوونەوەی ئەو كارەساتە سروشتییە.

3- هەر زوو هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لەبەردەم میدیاكاندا رایگەیاند: (كە كەسانی كەمتەرخەم سزادەدرێن و قەرەبووی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەش دكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەك پێكهێنراون و لیژنەكان خەریكی جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆیانن)، كەچی جەنابت تازە بەتازە دێیت و خۆت دەكەیت بە خەبیری لافاوی سروشتی و لە پێش كۆتاییهاتنی ئەنجامی لیژنەكان هەوڵی چەواشەكاری دەدەیت !!!. قسەیەكی كوردەواری هەیە دەڵێت: (ئەگەر هیچت پێنەكرێت، یان هیچی لێنەزانیت، بێدەنگی هەڵبژێریت باشترە).

4- هاوپیشەكانت (پەرلەمانتارانی یەكێتی) دوورلە سێڵفیگرتن بۆ ماوەی چوار رۆژە لەناو قوڕ و لیتەی پاش لافاو شانبەشانی تیمەكان و وەكو نوێنەرانی راستەقینەی خەڵكی ناوچەكە سەرقاڵی یارمەتیدانی هاوڵاتییان و پاككردنەوەی ماڵی هاووڵاتیانن و چەمچەماڵیان بەجێنەهێشتووە، بۆیە ئەگەر بەڕاست خۆت بەنوێنەری خەڵك دەزانیت، دەبوایە هاوشێوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی لە یەكەم رۆژی كارەساتەكەوە بچیتە چەمچەماڵ و لەگەڵ خەڵكی لێقەوماودا بمێنیتەوە و واز لە سێڵفی گرتن و لێدوانی بێ كردار بهێنیت، نەك بۆ ماوەی چوار رۆژ لەدوورەوە و لەڕێی میدیاو سۆشیاڵ میدیاوە سەیری دیمەنەكانی ئەو كارەساتە سروشتییە بكەیت.

5 – وەلێ ئەگەر دەتەوێت لە کاتی روودانی کارەساتێکی پڕ ئازاری وەکو لافاوەکەی چەمچەماڵ بۆ مەرامی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ کە هێشتا چوارساڵی ماوە لەسەر سۆزی هاوڵاتیان کاربکەیت ، ئەوە زۆر دورە لەئاکاری سیاسی و ئینسانی .

6- لە کۆتایدا دەڵێین ئەگەر ئێوە و هاوئاوازەکانتان ئیرادەو نیەتی یارمەتیدانی لایەنی پەیوەندیدار و خەڵکی لێقەوماوتان نییە، هیچ نەبێ هەوڵی دووبەرەکی نەدەن وازبێنن با لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێبکەن،  نەک بیر لە جێبەجێکردنی مەرامێکی شاراوە بکەنەوە کە ببێتە هۆی ئاڵۆزترکرنی دۆخی ناوچەکە و  لاوازکردنی ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکان .

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share