شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، ئەمشەو لە هەندێک ناوچە بارانبارین زیاتر دەبێت و لافاوێکی گەورەی لەگەڵدا دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، کاریگەریی شەپۆلەکەی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامیی هەیە و لە ماوەی ئەمڕۆ و دوێنێدا، بارانێکی زۆر باش لە سەرجەم ناوچەکان باریوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 12ـی 2025، هەورەبروسکە و بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوامیی دەبێت و کاتەکانی ئێوارە و شەویش، بەگشتی کاریگەریی شەپۆلەکە لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، هەولێر و دهۆکەوە لاواز دەبێت و بارانەکان بە رێژەی کەمتر بەردەوامدەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، کەرکوک و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەی دەریای سوور چالاکتر دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا تا پێشنیوەڕۆی سبەی چوارشەممە، پێشبینیی دابارینی بارانێکی زۆر دەکرێت کە زۆربەیان لێزمەباران و تەرزەی بەخوڕ و بەهێزن و لە هەندێک شوێندا، لەو ماوە کورتەدا ئەگەری بارینی زیاتر لە 100 ملیم باران دەبێت، کە ئەمەش مەترسی دروستدەکات و لافاوی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
هۆشدارییش دەدات و دەڵێت، پێویستە ئەم چەند ساتەی کۆتایی شەپۆلەکە، زۆر ئاگاداربن، چونکە ناجێگیرییەکە تا دێت زیاتر دەبێت لە بەرگەهەوای ئەم ناوچانەدا و هەورەکان زۆربەی لە جۆری سوپەرسێڵ دەبن، کە تایبەتمەندن بە حاڵەتی توندەوە، هەر لە بای بەهێز و دابارینی توند و خێرای باران و تەرزە و روودانی هەورەبروسکەی بەهێز.
باس لەوەشدەکات، ئەو ناوچانەی لەم قۆناغەی کۆتاییدا مەترسیی دروستبوونی لافاوی گەورە و لوتکەی بارانبارینیان لەسەرە ئەمانەن:
– سەنتەری پارێزگای کەرکوک.
– دوزخورماتوو.
– داقوق.
– قادر کەرەم.
– سەنگاو.
– چەمچەماڵ.
– بازیان.
– کفری.
– مەیدان.
– دەربەندیخان.
– قەرەداغ.
– سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری.
– عەربەت.