خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هۆشداری لە ئەگەری ناردنی هێز لەلایەن پارتییەوە دەدات

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هۆشداری دەدات لە مەترسیی ناردنی هێز و دروستكردنی ئاڵۆزی لەلایەن پارتییەوە لە ناوچەكە، دەڵێت، هەنگاوێكی لەو شێوەیە پەیوەندیی بە نیگەرانیی پارتییەوە هەیە لەوەی كاندیدەكەیان بۆ هەڵبژاردن دەرنەچێت و شكستەكە بە دروستكردنی ئاڵۆزی بشارێتەوە.

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە، هەندێك زانیاریی ئاشكراكردووە كە بەدەستیان گەیشتووە، بەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە هێزی چەکداری بچێتەوە شەنگال.

خۆبەرێوەبەرێتییەكە پێیوایە، “لە هەفتەی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هێنانی هێزی چەکدار لەلایەن پارتییەوە بۆ شەنگال، بۆ وروژاندن و دروستکردنی ئاڵۆزییە، ئاشکرایە، کە لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدی پارتی لە شەنگال سەرناکەوێت، دیارە کە لەناو خۆیاندا کێشەی جدییان هەیە، بۆیە دەیانەوێت ئەو دۆڕانە بە شەڕ و دروستکردنی ئاڵۆزی بشارنەوە”.

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هۆشداری ئەوەش دەدات، ئەگەر هێزی چەکداریی پارتی بچێتە شەنگالەوە، ئەوان قبوڵی ناكەن و “بەرخۆدانێکی مەزن” ئەنجامدەدەن، دەڵێت، “ئێمە هیوای گەلەکەمان ژێرپێ ناخەین، پێویستە بزاندرێت کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر خەڵکەکەمان، مافی ڕەوای خۆپاراستن بەکاردێنین و داگیرکردنی شەنگال قبوڵ ناکەین”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو هەنگاوەی پارتی بە مەترسیدار وەسفكراوە، جەختکراوەتەوە، “ئەوانەی بوونەتە هۆی ئەوەی فەرمانمان بەسەربێت، قبوڵناكرێن”، بەرپرسیارێتیی ئەگەری دروستبوونی هەر ئاڵۆزییەكیش خراوەتە سەر پارتی.

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال داواشی لە حکومەتی فیدراڵ کردووە، لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی پارتیدا ئەرکی خۆی جێبەجی بكات و “ڕێگا نەدەن زوڵم لە شەنگال و خەڵکی ئێزدی بکرێت”.

بابەتی پێشتر

گۆڕان وەڵامێكی توندی عەلی باپیر دەداتەوە

بابەتی دواتر

سوریا یەکەم نووسراوی "ئەبجەدی" لە مێژووی مرۆڤایەتییدا نیشاندەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share