رێکخراوی پەیامنێران رایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی رۆژنامەنووسان دەدەن، کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە.
رێکخراوی پەیامنێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە گوندی لاجانی سەر بە ناحیەی گوێڕ، دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی تایبەت بە مەبەستی دامەزراندنی خەڵکی ئەو دەڤەرە و بەجێنەگەیاندنی بەڵێنێک، پشێوی لێکەوتەوە و ئەوەی بووە جێگەی نیگەرانیی هێزە ئەمنیەکان هەڵیانکوتایە سەر تیمەکانی راگەیاندن و بەشێک لە میدیاکاران و سەر ئەنجام قوربانیی لێکەوتەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا باسیلەوەکرد، “ئیدانەی ئەو پەلاماردانەی هێزە ئەمنیەکان دەکەین، کە بە جلوبەرگی مەدەنیەوە هەڵدەکوتنە سەر رۆژنامەنووسان و دەست بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان دادەگرن، کە ئەمەش جۆرێکە لە مەترسی و بەردەوامی پێشێلکارییەکان، کە رووبەڕووی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەبێتەوه و ئازادی رۆژنامەگەریی بەرتەسک دەکەنەوە”.
داوایشیکرد، “هێزه ئەمنییەکان دەست لەو مامەڵە نابەجێیە هەڵگرن، کە دەرحەق بە پەیامنێران دەیکەن و هەموو سنوورێکی ئازادی دەشکێنن و هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی رۆژنامەنووسانمان دەدەن، کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە و ناکرێت وەک رێکخراوێکی تایبەت بە رۆژنامەنووسان بێدەنگ بین و بەرامبەر بەو حاڵەتانە هەڵوێستی توندمان دەبێت”.