بەرپرسانی دانەغاز رایانگەیاند، ئامادەن لە ماوەیەکی کەمدا دەست بە بەرهەمهێنانەوەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ، وەفدی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەرپرسانی دانەغاز، سەردانی کێڵگەی کۆرمۆریان کردووە و لەوێ کۆبوونەتەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی کۆمپانیای دانەغاز رایانگەیاندووە، ئامادەن لە ماوەی یەک کاتژمێردا دەست بە بەرهەمهێنانەوەی غازی سروشتی بکەن و لە رێگەی تانکەر و کۆگای جێگرەوە، غازەکە هەڵبگرن و بیگوازنەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام بەو مەرجەی گرەنتیی ئەوەیان پێبدرێت، دووبارە هێرشناکرێتەوە سەریان.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، هەر ئەمشەو وەفدێکی تەکنیکیی حکومەتی عێراق سەردانی کێڵگەی کۆرمۆری کردووە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی شەوی رابردوو دەستپێدەکات.