وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشکردنەسەر کۆرمۆر بڵاوکردەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025ـدا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابوریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بەسزاگەیاندنیان، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتیی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ـی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانییان کرد و پشکنینی تەکنیکییان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد. بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکیی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە رێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.

هەروەها دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو، کە ئاشکرا دەبێت سەر بە کام رێکخستنن.

لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ پێکهێنرا، لە بارەگای راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و راپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە رادەستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.

بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی راپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ رێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنیی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتووەتەتەبەر.

لەبەر رۆشنایی ئەم راستییانە، دەمانەوێت بۆ رای گشتی روونبکەینەوە کە لە راپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵە، بە روونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشاندەکات، کە لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. راپۆرتەکە چەندین راسپاردەی لەخۆگرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم راسپاردانە جێبەجێنەکراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوادەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێبکات و رێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن، بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارەنەبنەوە.

هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتیی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە، تەنیا هانی ئەو رێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.

هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، دەرئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی رێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share