لەتیف نێروەیی رایدەگەیەنێت، کاتێک بە وردی لە ئەنجامی هەڵبژاردن ورددەبینەوە، تێدەگەیەن کام لایەن براوەی راستەقینەی هەڵبژاردنە.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی پێشوو پارتی شانازیی بەوە دەکرد دەنگی سەرۆک لیستەکەیان لە دەنگی سەرۆک لیستەکەی ئێمە زیاتربوو، بەڵام ئەمجارە ئەوان تەنیا یەک کورسیان بەدەستهێنا و ژمارەی کورسییەکانی ئێمەش لە سێ کورسییەوە بوونە چوار.
وتیشی، لەسەر بنەمای ژمارەکان یەکێتی لە کەرکوکیش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، چونکە ئەنجامەکانمان دیارە و خۆزگە لایەنەکانی دیکەش وەک ئێمە لە کەرکوک سەرکەوتووبوونایە و دەنگی کورد لە کەرکوک زیادیکردایە.
روونیشیکردەوە، پارتی لە نەینەواش شکستیهێناوە، چونکە کورسییەکانی لە نۆ کورسیەوە بوونەتە پێنج کورسی، جیا لەوەش، پارتی متمانەی ئێزیدییەکانی بەدەستنەهێنا، کە پێکهاتەی زۆرینەی نەینەوان، لە کاتێکدا براوەی کورسییەکی ئێمە لە نەینەوا، ئێزیدییە، بۆیە ئەوە یەکێتییە کە براوەی نەینەوایە.