پارێزگایەكی باكووری كوردستان بە بەهای 101 ملیۆن دۆلار پێڵاوی هەناردە كردووە

كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی پێڵاو لە دیلۆك (غازی عەنتاب)، بە بەهای 101 ملیۆن دۆلار پێڵاویان هەناردەی دەرەوەی توركیا كردووە لە ساڵی 2020دا.

محەمەد ئەمین ئینجە، سەرۆكی ژووی پیشەوەران و پیشەسازانی پارێزگای دیلۆك ئەمڕۆ شەممە 30ی كانونی دووەم بە ئانادۆڵوی وتووە، “پارێزگاكە پێگەیەكی تایبەتی لە توركیا هەیە لە بەرهەمهێنانی پێڵاو و نەعلدا”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئینجە خستونیەتییەڕوو، تەنها پارێزگای دیلۆك نزیكەی 20%ی ئەو پێڵاوانە بەرهەمدەهێنێت كە توركیا هەناردەی دەرەوەیان دەكات.

ئاشكراشیكردووە، لە ساڵی 2020دا تەنها لەو پارێزگایەوە بە بەهای 101 ملیۆن دۆلار پێڵاو هەناردەی دەرەوەی توركیا كراوە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2019 هەناردەی پێڵاو 124 ملیۆن دۆلار بووە.

هۆكاری دابەزینی هەناردەی پێڵاوی گەڕاندووەتەوە بۆ سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە جیهاندا.

سەبارەت بەو وڵاتانەی پێڵاویان بۆ هەناردەكراون، ئەو بەرپرسەی ڕایگەیاندووە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ئەو وڵاتانەن كە پێڵاویان بۆ هەناردە كراوە لەپێشیانەوە وڵاتی عێراق.

ئامانجی پیشەوەرانی پارێزگای دیلۆك ئەوەیە، تا ساڵی 2023 بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار پێڵاو هەناردە بكەن.

دیلۆك پارێزگایەكی باكووری كوردستانە، دەستێكی زۆری كاری تێدایە و ناوەندێكە بۆ پیشەسازیی پێڵاو و هاوشێوەكانی.

بابەتی پێشتر

لایپزیچ 1-0 بایەرلیڤەرکوزن

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینتەرمیلان جیاوازییەکەی لەگەڵ میلان کردەوە بە دوو خاڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share