ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی رایگەیاند، کاک فازڵ زۆری شاردەوە، تاوەکو ئەم ماریفەت و عیرفانەی نیشاندا.
ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
کاک فازڵ میرانی لەناو پارتی بە نەرم و نیانی هێنای، لە لێدوان و دیدارەکانیدا هەمیشە بە هێمنی و لەسەرخۆیی و بە مەنتیقی سیاسی کاریکردووە، دیارە مەنتیقی سیاسی پارتی، قسەیدەکرد و شرۆڤەی دەدا.
هەندێکجار بە ئایەتی قورئانی پیرۆز، هەندێک جاریش بە شیعر، پەندی پێشینانی عەرەبی، کوردی حوجە و بەهانەکانی پاساو دەدا، چەند ساڵە لە رەد و بەدەلی سیاسیدا وایهێنا و چاکی هێنا، بەجۆرێک خەریکبوو لە ئەرکی پاساودانی سیاسەتی چەوتی نفوزدارانی پارتی تێیدەهێنایەوە و دیواری درز تێکەوتوو کونکون و لاری پارتی راستدەکردەوە و سواقی دەدا.
بەڕاستی ئەرکەکە قوورس بوو و پێویستی بە کەمێک بەلاغە و موبالەغەی فازل میرانی هەبوو، بەڵام هیچ خانێ تاسەر و هیچ میرێ تا کۆتایی پایەدار نابێت، دونیا بەقای بۆ کەس نییە، دەکەوێت و دەگەوزێت.
ئاخرێکەی خراپ بوو و ئاخرێکەی شڕ بوو، چەپاندنی چەندین دەیە و ناخی پەنهانی رەشی بەجارێک خۆی خستەڕوو.
ئەوی دوێنێ شەو لە کوردستان بیست و چوار گوتی، راستە لە ژێر گوشاربوو، راستە جیاوازبوو لەوی لە رووداو گوتی، بەڵام بەڕاستی چەپاندنێکی گەورە و درێژخایەنی لە پشتبوو، لە ناکاو بۆیاغی ویقار و سەنگینی قسە ئەم چەپاندنەی دەرخست، لەنێوان دوو دیداردا نزمترین ئاستی لێدوان و دەربڕینی پەخش و پەرێشان کرد. کاک فازڵ زۆری شاردەوە، تاوەکو ئەم ماریفەت و عیرفانەی نیشاندا.
قسەی یەکێتی لەسەر رەوتی حەوت ساڵی حکومەتێکی ناموەفەق، جیاکار و نادادپەروەر بوو، کەچی میرانی مێژووی حەفتا ساڵی رابردووی بزووتنەوەی کوردایەتی خستە ژێر زەرەبینی تەڵخەوە و کامل بۆیاخی کرد. باشی هێنا تا خراپی کرد، دۆ و دۆشاوی تێکەڵکرد، وەک کەرکوکی دەڵێ: زیفی کرد، وەکو تورکمانەکەی کەرکوک دەڵێ: ئاخرە باخن.