هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی گاری کریستنسن بە سواری کولەکەیەکی گەورە 95 کیلۆمەتری لە رووباری کۆڵۆمبیا بڕی.
گاری کریستنسن لە ساڵی 2011 ەوە سەرقاڵی داچاندنی کولەکەیە، ساڵی رابردوو یەکێک لەو کولەکانەی بەرهەمی هێنابوو کردیە بەلەمێکی بچووک و 75.5 کیلۆمەتری لە رووباری کۆڵۆمبیا بڕی بەمەش ناوی چووە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان، بەڵام خۆی لە ئەنجامەکەی رازی نەبوو.
بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی ئەمساڵ کریستنسن دەستی بە بەرهەمهێنانی کولەکەی نوێ کرد، توانی کولەکەیەک بەرهەمبهێنێت کە کێشی لەوەی ساڵی رابردوو سوکتر بێت، بەشی ناوەوەشی بچوکتر بێت و بۆ گەشتکردن ئاسانتر بێت.
ئەو سەرکێشیکارە ئامانجی ئەوەبوو، ئەمساڵ بەو بەلەمە نوێیەی کە لە کولەکە دروستیکردبوو دوو هێندەی ساڵی رابردوو لە رووباری کۆڵۆمبیا ببڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند کێشەیەکی بۆ دروستبوو لە گەشتەکەیدا تەنها 95 کیلۆمەتر ببڕێت.
کریستنسن، دەڵێت، “کۆڵنادەم و بۆ ساڵی داهاتوو خەونەکەم بەدیدەهێنم”.