وەزیری خوێندنی باڵا، رایگەیاند، داشکاندنی %50 بۆ ژمارەیەک لە خوێندکاران دەکرێت.
بە فەرمانى وەزاریى ژمارە (20905) لە 2ی تشرینی دووەمی 2025، کە بە واژووی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، ئەو خێزانانەی دوو قوتابی/ خوێندکار یان زیاتریان لە سیستمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەکەیان بە رێژەی (50%) لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، فەرمانە وزارییەکە پاڵپشتە بە کۆنووسی کۆبونەوەی ژمارە (1)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تەوەری (دووەم) بڕگەی (دوانزەهەم)، و دوابەدوای فەرمانی وەزاریی ژمارە (19226) لە (4/ 10/ 2023)، و فەرمانی وەزاریی ژمارە (2661) لە (6/ 11/ 2024) سەبارەت بە داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارمان دا بە:
* ئەو خێزانانەی دوو قوتابی/ خوێندکار یان زیاتریان لە سیستمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەکەیان بەرێژەی (50%) لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
* ئەم داشکاندنە لە بڕی پارەی داواکراو لەدوای داشکاندنی (45%)ی کرێی خوێندن ئەژمار دەکرێت.
* ئەم داشکاندنە سەرجەم قوتابیان/ خوێندکارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە.
* ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی (2025- 2026) جێبەجێدەکرێت.