ئەمڕۆ، لە رێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە پیشەسازییەکانی مێژووی عێراق لە کەرکوک دانرا، کە بریتییە لە کارگەی “ئوروک” بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل.
رێوڕەسمەکە بە سەرپەرشتیی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا، بازرگانان و میوانان ئامادەیبوون؛ شوێنی پڕۆژەکە دەکەوێتە گوندی زندانە لە شارەدێی لەیلان.
کارگەی ئوروک، تایبەت دەبێت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر، وەک ئۆتۆمبێلی “بەنزین، کارەبایی و دیزڵ”؛ بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە جگە لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق، هەناردەی بازاڕە جیهانییەکانیش دەکرێت.