کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پێنج حزبی کوردستانی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ رزگار عەلی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازییان لەوەفدێکی هاوبەشی پێنج حزبی کوردستانیی کرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رزگار عەلی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ،پێشوازییان لە جەبار میرزا رۆستەمی سکرتێری پارتی نەتەوەیی کوردستان، بیرون عومەر فەتاح سکرتێری بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی، ملکۆ فارس (ملکۆ بازیانی) سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان، عەبدولقادر حەمید(قادرشوانی) سەرۆکی حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان، شێخ عەلی سکرتێری بزوتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستانى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا وەفدی پێنج حزبە کوردستانییەکە تەئکیدیان لەوەکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و زەمینەسازی هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە پشت بەستوو بێت بە هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆن و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران، گشت هەوڵ و تواناکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان زیاتر بەگەڕبخرێن وپەیوەندی دۆستانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، بۆ ئەو مەبەستانە پێشوازیان لە دەستپێشخەرییەکانی یەکێتی کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەفدی میوان ئاماژەیان بەوەدا لە گشت قۆناغەکانی کاری سیاسیاندا خۆیان بە هاوخەبات و پشتیوانی سیاسەتە راست و دروستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زانیوە لە پرسە نیشتمانیەکاندا.
هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوهەڵوێستی پێنج حزبە کوردستانییەکەیان بەرز نرخاند و تەئکیدیان لەوەکردەوە کە لە سۆنگەی بڕوابوون بە سیاسەتی چەپکە گوڵ لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا لای یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕە و هەمیشە پێداگری لەسەر دەکەنِ.

لەکۆتایشدا بڕیاردرا لە پێناو چارەسەرکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و راستکردنەوەی رێڕەویی حوکمڕانی و هاوبەشی لە بەڕێوەبردندا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامی هەبێت.

 

بابەتی پێشتر

ئەمشەو بنزیمە دووجار گرەو لەسەر "کلاسیکۆ" دەکات

بابەتی دواتر

زێدان و ئێنریکی بۆ یانەیەکی گەورە پاڵێوراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share