دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، لە پلانیدایە بە رێژەی %10 باجی گومرگیی بۆسەر کەنەدا زیادبکات، ئەمەش بەهۆی ریکلامێکی دژ بە بیرۆکەی باجی گومرگیی، کە لەو وڵاتەدا پەخشدەکرێت.
پێگەی ئینتێلیجێنسەری کەنەدی بڵاویکردەوە، “لە ریکلامەکەدا کۆمەڵێک وتەی رۆناڵد ریگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بەکارهاتووە کە رەخنە لە بیرۆکەی باجی گومرگیی دەگرێت، ئەمەش ترەمپی تاوەکو ئەو رادەیە توڕەکردووە کە هەڕەشەی ئەوە دەکات لەگەڵ کەنەدا کۆتایی بە مامەڵەی بازرگانیی بهێنێت”.
لای خۆیشیەوە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘تروس سۆشیاڵ’ نووسیویەتی، “هەرچی زووە ئەو ریکلامە بوەستێنن، وتیان کۆتایی ئەم هەفتەیە دەیوەستێنین، بەڵام فێڵیانکرد، منیش بڕیارمدا بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتە نەشیاوانەوە، بە رێژەی %10 باجی گومرگییان لەسەر زیادبکەم”.