سەرکردەیەتی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان داوای هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی و دابەشکردنی سامان و ماڵ و موڵکەکانی دەکات.
شەماڵ عەبدولوەفا سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، داوای لە نما و چیا کوڕانی نەوشیروان مستەفا کردووە وەک ناتوانن رێکبکەون، پێکەوە کاربکەن و ناتوانین لەژێر یەک چەتر و لەیەک ماڵدا هەڵبکەن بە هێمنی و لەسەرخۆ، بە ئەدەب و ئاکارێکی بەرزەوە، لەیەک جیاببنەوە و دووربکەونەوە لە پەلاماری یەکتری و سوکایەتی بەیەکترکردن و یەکترشکاندن.
دەشڵێت، “پێموتن با بزووتنەوەکە هەڵبوەشێنینەوە چی سەروەت و سامانی هەیە، دابەشیبکەین دواتر کێ و چیلایەک سەرپشک دەبێت و چیدەکات، سەروەت و سامانەکەی دەبەخشێ یان نا”.
ئاشکراشیکرد، “وەک رای کەسیی خۆم پێشنیارم کرد سامانەکەی بزووتنەوەکە بدرێتە نەخۆشخانەی هیوا، ئەوان پێشنیارەکەیان وەک پرەنسیپی سەرەتایی بەلاوە باشبوو، پێیان وتم، “پرس بە برادەرەکانمان دەکەین و وەڵامتان دەدەینەوە”.