لێپرسراوی کۆمیتەی یەکی یەکێتی لە کۆیە ئاشکرایدەکات، لەسەر ئەرکی دەزگای تەندروستیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، لقێکی نەخۆشخانەی شۆڕش لە قەزای کۆیە دەکرێتەوە.
پشتیوان جەمال، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکی یەکێتی لە کۆیە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هێنانی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ قەزای کۆیە، توانرا لە رێگەی مەڵبەندی کۆیەی یەکێتیەوە پەیوەندی بە دەزگای تەندروستیی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەوە بکرێت، تاوەکو لقێکی نەخۆشخانەی شۆڕش لە ناوچەکە بکرێتەوە، ئەوانیش لەوبارەیەوە رەزامەندیاندا”.
دەشڵێت، “کردنەوەی ئەم لقەی نەخۆشخانەی شۆڕش گرنگ و پێویست بوو، چونکە ناوچەکە قوربانییەکی زۆری داوە و چەندین بریندار هەن تاوەکو ئێستا ماونەتەوە و پێویستیان بە چارەسەرە، هەروەها کەسانێک هەن کە باری داراییان خراپە و ناتوانن خەرجیی چارەسەرییان دابینبکەن، دەتوانن لە رێگەی ئەم نەخۆشخانەوە چارەسەری پێویست وەربگرن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “گوژمەی دارایی نەخۆشخانەکە لە ئەستۆی دەزگای تەندروستیی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەدایە”.